ئەگەر لەكاتی خۆی دا نوێژم نەكرد چەند دەقەیەك تەئخیرم كرد ئەوە گوناهبار دەبم؟

بسم الله الرحمن الرحیم سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

نوێژكردن لەكاتی خۆیدا یەكێكە لە كردەوە چاكەكان لە شەریعەتی ئیسلامدا جا لە فیقهی ئیسلامدا بۆ هەموو نوێژێكی فەرز كات دانراوە ،ئەوەبوو جبریل سەلامی خوای لەسەر بێـت لە دوو ڕۆژدا كاتی هەموو نوێژەكانی بۆ پێغەمبەری خوا صلی الله علیە وسلم دیاری كرد لە ڕۆژی یەكەمدا سەرەتای كاتی نوێژەكانی پێ وت وە لە ڕۆژی دووەم دا كۆتایی نوێژەكانی پێ وت وە پێی فەرموو : (ما بین هذین الوقتین وقت) واتە : لەنێوان سەرەتا و كۆتاییدا كاتی نوێژەكانە . 

جا پێویستە لەو كاتەی بۆمان دیاری كراوە نوێژەكانمان ئەنجام بدەین وە لە كۆتایی كاتەكان دوای نەخەین ئەگەر لەمەیان دوا بخرێت تاوانبار دەبین و تاوانێكی گەورەشە خوا پەنامان بدات